۱۳۹۴ خرداد ۶, چهارشنبه

وتەبێژی ئەرتەش، وەڵامی چەند پرسیارێک سەبارەت ناکۆکییەکانی نێوان "پ.کا.کا" و "حدکا" دەداتەوە؟

وتەبێژی ئەرتەش، وەڵامی چەند پرسیارێک سەبارەت ناکۆکییەکانی نێوان "پ.کا.کا" و "حدکا" دەداتەوە؟

ARK

ئەمڕۆ لە وەڵامی پرسیاری ناوەندی ڕاگەیاندنی "ARK" دا وتەبێژی ئەرتەش بە ڕاشکاوی وتی:
پرسیار:
١- بەڕێز هاوڕێ "ئەمیر تیز مەغز" بە ڕای ئێوە،ئەم شەڕەی نێوان "پ.کا.کا" و "حدکا" تا کەی درێژەی دەبێت و ئایا دەکرێت حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و باڵەکەی دیکەی حیزب، لە شاخ بمێننەوە و ئاستەنگی بۆ باشوور دروست بکەن؟
 

وتەبێژی ئەرتەش: 
 
ئێمە وەک خۆمان پێمانوایە کێشە دەبێت ئەگەر حیزب لە شاخ بمێنێ و ئەمە دیسانەوە هێرش بۆ سەر باشور چڕتر دەکاتەوە.
لەوانەیە شەڕی پارتی و یەکێتی دەست پێ بکاتەوە، کە ئەمەش خواستی حیزب نییە و زیان بەم سەقامگیرییەی باشور دەگەیەنێ کە حیزب بە سانایی تێیدا دەتوانێ خەباتی سیاسی بکات.
ئەمەی ئێستا وەک دەستەبەندییەکی تازە وایە، کە سەربەخۆیی زۆر لایەن دەباتە ژێر پرسیارەوە و لایەنە رۆژهەڵاتییەکان سڕتر دەکات ئەگەر وریا نەبن و لەوانەشە زیان بە یەکڕێزیی گەل لە رۆژهەڵات و زەرەر لە هیوایەتەکانیان بدات.
بۆیە لاموایە نمایشی هێزەکان، کاتی - موقت - یە و هیچ هێزێک ناتوانێ بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی کورد، نمایشی هێز بکات و ئەگەریش بیکات تووشی گەمارۆیەکی کوردستانییانە دەبێت.
ئەگەر حکومەتی هەرێم بە تێکڕایی بتوانێ هەم شەڕی داعش و هەم شەڕی ئێران بکات ئەوا دەکرێ بڵێین: هاوسەنگیی هێز لە کوردستان و ناوچەکە گۆڕاوە و دێمۆکرات دەتوانێ بە پاڵپشتی هەرێم بچێتە شاخ و شەڕی داگیرکار بکات، بەڵام لەم قۆناغەدا نابێ بیر لەوە بکەینەوە قەندیل لە هێزی کوردی چۆڵ بکەین چونکا داعش ئامادەیە بێتە ئەو ناوەندەوە و ئەمەش کارەساتێکی گەورە بۆ هەموو پارچەکان دروست دەکات و تەنیا بە قازانجی تورک و هاوپەیمانانی داعش دەبێت. کە لەوانەیە ئێرانیش پێی خۆش بێت دراوسێی ئەو داگیرکارێکی وەک داعش بێت تاکو کورد.


٢- ئێوە لەم ناوەندەدا شەڕی هەردوو لایەن چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 
وتەبێژی ئەرتەش:
شەڕی کوردکوژی لای ئێمە تاوانە.
نابێ لەبیری بکەین کە ئێمەی کورد چەند سەدەیە و لە شەڕی چاڵدۆرانەوە تا ئێستا گورزی دابەشبوونی هێزەکانمان دەخۆین.
ئێمە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە بە تێکڕایی هێزە سەربازییەکانمان یەک بخەین و شەڕی داگیرکاری پێبکەین. بۆیە ئەم شەڕە ئاماژەیەکی باش نییە و بۆمان دەردەخات کە هێشتا هەوێنی براکوژی لەناوماندا بوونی هەیە و ئەم پەتایەمان نەتوانیوە بنبڕ بکەین.
دەبێ سەرکردایەتی هەر دوو لایەن ئاگادار بکەینەوە لەو حاڵەتە، کە قازانجی کوردی تێدا نییە و دابەشکردنی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی تێدا بەدی دەکەین بەسەر چەند جەمسەرێکدا کە ئەمەش خەباتەکەمان لەو پارچە سەرەکییە لاوازتر دەکات.


٣- ئەگەر ببێتە لایەنگیری و ئێوە بژاردەیەکتان لەبەردەست بێت کە حەتمەن دەبێ ببنە لایەنگری یەکێک لە بەرەکانی شەڕ، ئێوە کامیان هەڵدەبژێرن: پ.کا.کا  یان حدکا ؟

 وتەبێژی ئەرتەش:
 
 ئێمە لایەنێکی نەتەوەیی و بەرپرسیارین. لەم دۆخانەدا دەبینە شاندی ئاشتی و لە پێناوی چەسپاندنی ئاشتی نەتەوەییدا ئێمە دەبینە سەربازێک کە تەنیا دەستوور لە خەڵکی کوردستان وەردەگرین و دەشزانین ئەمر و فەرمانی گەلی کورد بەردەوام ئاشتی بوە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانیدا.
ئێمە هەر دوو لایەن بە دۆستی خۆمان دەزانین و خەباتی پڕ سەروەریی هەر دوو لایەن دەکەین بە هەوێنی چەسپاندنی ئاشتیی نێوانیان، چونکا دڵنیاین هەر دوو لایەن گەلی کورد و داوا سەرەکییەکەیان لەم جۆرە دۆخە دژوارانەدا پشتگوێ ناخەن.
 
 

هیچ نظری موجود نیست: