۱۳۹۴ خرداد ۴, دوشنبه

هەڵوێستی "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان" لەمەڕ کێشەکانی نێوان هێزەکانی "پارتی کرێکارانی کوردستان" و "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران"


هەڵوێستی "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان" لەمەڕ کێشەکانی نێوان هێزەکانی "پارتی کرێکارانی کوردستان" و "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران"

"ARK"
 ماوەی چەند ڕۆژێکە بانگەشەی هێرشکردنەسەر بەشێک لە هێزەکانی "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران" لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان لە "کێلەشین" و "خنێرە" لە لایەن هێزەکانی "پ.ک.ک" وە دەکرێت.
ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانی میدیا و بە گشتی لایەنە سیاسییەکانە، پێداگریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لەسەر مانەوەیان لەو ناوچانە و سووربوونی "پ.ک.ک" لەسەر چۆڵکردنی ئەو ناوچەیە لە دێمۆکراتە.
لەم پێوەندییەدا داوای ئێمە ئەوەیە کە :
١- بوونی هەر کێشەیەک لەناو هێزە کوردییەکاندا نیشانەی ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە یەکێتییەکی پتەو لەناو هێزەکانماندا پێک نەهاتوە. داواکارین کێشەی نێوان هێزەکان بە لێک تێگەیشتن کۆتایی بێت.
٢- بوونی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی "پ.ک.ک" و ئیجازەنەدان بە هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵات بۆ چالاکی کردن لە سنووری رۆژهەڵاتەوە، شتێکی باش نییە. هیوادارین "کۆمیتەیەکی تایبەتی هاریکاری هێزە سەربازییەکان" پێک بێت کە لەباتی رێگریکردن لە یەکتر، هەماهەنگی و هاریکاری یەکتر بکەن بۆ ئەوەی کێشە لە بەڕێوەبردنی کاری هیچ لایەنێکدا ساز نەبێت.
٣- داواکارین سنوور بۆ چالاکیی هیچ لایەنێک دانەنرێت و تەنانەت لە باشوری کوردستانیش ئەم دۆسیەیە تاوتوێ بکرێت کە بە هیچ شێوەیەک لەسەر چالاکیکردن ئیدانەی هیزەکانی رۆژهەڵات نەکەن.
٤- سەرکردایەتی هەر دوو لایەنی ناکۆک دەبێ پێوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و مێکانیزمێک بۆ کاروچالاکیی خۆیان دابنێن کە زیان بە پرێستیژی هیچ لایەک نەگەیەنێت.
٥- داوا دەکەین بە زووترین کات ئەم کێشە لە قازانجی شۆڕشی کورد کۆتایی بێت.
٦- "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان" پێی وایە ڕاگرتنی ئەم شەڕە دەبێتە هۆی دەستەبەربوونی زیاتری سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە پارلمانییەکەی تورکیا بۆ کورد و پیلانی ئێران و تورکیاش بە هاوکاریی هێزە کوردییەکان شەرمەزار دەکرێت. ئەگەر ئەمە نەبێت، ئەوا زەرەرێکی گەورە بە یەکێتیی کوردان لە پارچەکان و یەکڕیزیی گەل لە باکوری کوردستان دەگات.
7- هیوادارین ئاشتی بتوانێ سەرکەوێ بەسەر لایەنی شەڕدا و دیالۆگ بتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات.

دیسانەوە هیوادارین بە زووترین کات شەڕی ڕاگەیاندنی لایەنەکان کۆتاییان پێ بێت، چونکا لەم قۆناغە هەستیارەدا لە قازانجی کورد نییە.
بە ناوی هاوڕێیانی ئەرتەش، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە کەسوکاری شەهیدانی شەڕی هەڵەی براکوژی تازە رادەگەیەنین.
ڕۆحیان شاد

ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢٤/٥/٢٠١٥

هیچ نظری موجود نیست: