۱۳۹۴ خرداد ۶, چهارشنبه

وتەبێژی ئەرتەش، وەڵامی چەند پرسیارێک سەبارەت ناکۆکییەکانی نێوان "پ.کا.کا" و "حدکا" دەداتەوە؟

وتەبێژی ئەرتەش، وەڵامی چەند پرسیارێک سەبارەت ناکۆکییەکانی نێوان "پ.کا.کا" و "حدکا" دەداتەوە؟

ARK

ئەمڕۆ لە وەڵامی پرسیاری ناوەندی ڕاگەیاندنی "ARK" دا وتەبێژی ئەرتەش بە ڕاشکاوی وتی:
پرسیار:
١- بەڕێز هاوڕێ "ئەمیر تیز مەغز" بە ڕای ئێوە،ئەم شەڕەی نێوان "پ.کا.کا" و "حدکا" تا کەی درێژەی دەبێت و ئایا دەکرێت حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و باڵەکەی دیکەی حیزب، لە شاخ بمێننەوە و ئاستەنگی بۆ باشوور دروست بکەن؟
 

وتەبێژی ئەرتەش: 
 
ئێمە وەک خۆمان پێمانوایە کێشە دەبێت ئەگەر حیزب لە شاخ بمێنێ و ئەمە دیسانەوە هێرش بۆ سەر باشور چڕتر دەکاتەوە.
لەوانەیە شەڕی پارتی و یەکێتی دەست پێ بکاتەوە، کە ئەمەش خواستی حیزب نییە و زیان بەم سەقامگیرییەی باشور دەگەیەنێ کە حیزب بە سانایی تێیدا دەتوانێ خەباتی سیاسی بکات.
ئەمەی ئێستا وەک دەستەبەندییەکی تازە وایە، کە سەربەخۆیی زۆر لایەن دەباتە ژێر پرسیارەوە و لایەنە رۆژهەڵاتییەکان سڕتر دەکات ئەگەر وریا نەبن و لەوانەشە زیان بە یەکڕێزیی گەل لە رۆژهەڵات و زەرەر لە هیوایەتەکانیان بدات.
بۆیە لاموایە نمایشی هێزەکان، کاتی - موقت - یە و هیچ هێزێک ناتوانێ بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی کورد، نمایشی هێز بکات و ئەگەریش بیکات تووشی گەمارۆیەکی کوردستانییانە دەبێت.
ئەگەر حکومەتی هەرێم بە تێکڕایی بتوانێ هەم شەڕی داعش و هەم شەڕی ئێران بکات ئەوا دەکرێ بڵێین: هاوسەنگیی هێز لە کوردستان و ناوچەکە گۆڕاوە و دێمۆکرات دەتوانێ بە پاڵپشتی هەرێم بچێتە شاخ و شەڕی داگیرکار بکات، بەڵام لەم قۆناغەدا نابێ بیر لەوە بکەینەوە قەندیل لە هێزی کوردی چۆڵ بکەین چونکا داعش ئامادەیە بێتە ئەو ناوەندەوە و ئەمەش کارەساتێکی گەورە بۆ هەموو پارچەکان دروست دەکات و تەنیا بە قازانجی تورک و هاوپەیمانانی داعش دەبێت. کە لەوانەیە ئێرانیش پێی خۆش بێت دراوسێی ئەو داگیرکارێکی وەک داعش بێت تاکو کورد.


٢- ئێوە لەم ناوەندەدا شەڕی هەردوو لایەن چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 
وتەبێژی ئەرتەش:
شەڕی کوردکوژی لای ئێمە تاوانە.
نابێ لەبیری بکەین کە ئێمەی کورد چەند سەدەیە و لە شەڕی چاڵدۆرانەوە تا ئێستا گورزی دابەشبوونی هێزەکانمان دەخۆین.
ئێمە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە بە تێکڕایی هێزە سەربازییەکانمان یەک بخەین و شەڕی داگیرکاری پێبکەین. بۆیە ئەم شەڕە ئاماژەیەکی باش نییە و بۆمان دەردەخات کە هێشتا هەوێنی براکوژی لەناوماندا بوونی هەیە و ئەم پەتایەمان نەتوانیوە بنبڕ بکەین.
دەبێ سەرکردایەتی هەر دوو لایەن ئاگادار بکەینەوە لەو حاڵەتە، کە قازانجی کوردی تێدا نییە و دابەشکردنی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی تێدا بەدی دەکەین بەسەر چەند جەمسەرێکدا کە ئەمەش خەباتەکەمان لەو پارچە سەرەکییە لاوازتر دەکات.


٣- ئەگەر ببێتە لایەنگیری و ئێوە بژاردەیەکتان لەبەردەست بێت کە حەتمەن دەبێ ببنە لایەنگری یەکێک لە بەرەکانی شەڕ، ئێوە کامیان هەڵدەبژێرن: پ.کا.کا  یان حدکا ؟

 وتەبێژی ئەرتەش:
 
 ئێمە لایەنێکی نەتەوەیی و بەرپرسیارین. لەم دۆخانەدا دەبینە شاندی ئاشتی و لە پێناوی چەسپاندنی ئاشتی نەتەوەییدا ئێمە دەبینە سەربازێک کە تەنیا دەستوور لە خەڵکی کوردستان وەردەگرین و دەشزانین ئەمر و فەرمانی گەلی کورد بەردەوام ئاشتی بوە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانیدا.
ئێمە هەر دوو لایەن بە دۆستی خۆمان دەزانین و خەباتی پڕ سەروەریی هەر دوو لایەن دەکەین بە هەوێنی چەسپاندنی ئاشتیی نێوانیان، چونکا دڵنیاین هەر دوو لایەن گەلی کورد و داوا سەرەکییەکەیان لەم جۆرە دۆخە دژوارانەدا پشتگوێ ناخەن.
 
 

۱۳۹۴ خرداد ۴, دوشنبه

هەڵوێستی "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان" لەمەڕ کێشەکانی نێوان هێزەکانی "پارتی کرێکارانی کوردستان" و "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران"


هەڵوێستی "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان" لەمەڕ کێشەکانی نێوان هێزەکانی "پارتی کرێکارانی کوردستان" و "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران"

"ARK"
 ماوەی چەند ڕۆژێکە بانگەشەی هێرشکردنەسەر بەشێک لە هێزەکانی "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران" لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان لە "کێلەشین" و "خنێرە" لە لایەن هێزەکانی "پ.ک.ک" وە دەکرێت.
ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانی میدیا و بە گشتی لایەنە سیاسییەکانە، پێداگریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لەسەر مانەوەیان لەو ناوچانە و سووربوونی "پ.ک.ک" لەسەر چۆڵکردنی ئەو ناوچەیە لە دێمۆکراتە.
لەم پێوەندییەدا داوای ئێمە ئەوەیە کە :
١- بوونی هەر کێشەیەک لەناو هێزە کوردییەکاندا نیشانەی ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە یەکێتییەکی پتەو لەناو هێزەکانماندا پێک نەهاتوە. داواکارین کێشەی نێوان هێزەکان بە لێک تێگەیشتن کۆتایی بێت.
٢- بوونی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی "پ.ک.ک" و ئیجازەنەدان بە هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵات بۆ چالاکی کردن لە سنووری رۆژهەڵاتەوە، شتێکی باش نییە. هیوادارین "کۆمیتەیەکی تایبەتی هاریکاری هێزە سەربازییەکان" پێک بێت کە لەباتی رێگریکردن لە یەکتر، هەماهەنگی و هاریکاری یەکتر بکەن بۆ ئەوەی کێشە لە بەڕێوەبردنی کاری هیچ لایەنێکدا ساز نەبێت.
٣- داواکارین سنوور بۆ چالاکیی هیچ لایەنێک دانەنرێت و تەنانەت لە باشوری کوردستانیش ئەم دۆسیەیە تاوتوێ بکرێت کە بە هیچ شێوەیەک لەسەر چالاکیکردن ئیدانەی هیزەکانی رۆژهەڵات نەکەن.
٤- سەرکردایەتی هەر دوو لایەنی ناکۆک دەبێ پێوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و مێکانیزمێک بۆ کاروچالاکیی خۆیان دابنێن کە زیان بە پرێستیژی هیچ لایەک نەگەیەنێت.
٥- داوا دەکەین بە زووترین کات ئەم کێشە لە قازانجی شۆڕشی کورد کۆتایی بێت.
٦- "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان" پێی وایە ڕاگرتنی ئەم شەڕە دەبێتە هۆی دەستەبەربوونی زیاتری سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە پارلمانییەکەی تورکیا بۆ کورد و پیلانی ئێران و تورکیاش بە هاوکاریی هێزە کوردییەکان شەرمەزار دەکرێت. ئەگەر ئەمە نەبێت، ئەوا زەرەرێکی گەورە بە یەکێتیی کوردان لە پارچەکان و یەکڕیزیی گەل لە باکوری کوردستان دەگات.
7- هیوادارین ئاشتی بتوانێ سەرکەوێ بەسەر لایەنی شەڕدا و دیالۆگ بتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات.

دیسانەوە هیوادارین بە زووترین کات شەڕی ڕاگەیاندنی لایەنەکان کۆتاییان پێ بێت، چونکا لەم قۆناغە هەستیارەدا لە قازانجی کورد نییە.
بە ناوی هاوڕێیانی ئەرتەش، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە کەسوکاری شەهیدانی شەڕی هەڵەی براکوژی تازە رادەگەیەنین.
ڕۆحیان شاد

ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢٤/٥/٢٠١٥

۱۳۹۴ اردیبهشت ۲۲, سه‌شنبه

پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان


"ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"
پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات

خەڵكی راپەڕیوی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان
راپەڕینی تازەتان شكۆدار و پیرۆزە.

پاش ئەوەی رووداوی شەهیدبوونی "فەریناز خوسرەوانی" بووە هۆكاری رابوونی تازەی گەلەكەمان و بە هەزاران كەس لە رۆڵە قارەمانەكانمان رژانە سەر شەقامەكان و وەڵامێكی توندیان بە دەستدرێژیی لایەنە ئەمنییەكان بۆ سەر كەرامەتی ئینسانیی كورد دایەوە.

ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان، وەك ئەركێکی نەتەوەیی، پاڵپشتی خۆی بۆ جەماوەری راپەڕیوی كوردستان دەربڕی.
بریاری خەڵكی بندەستی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەمە بوو كە دەبێ چاكسازی بكرێت بەڵام رژیم دیسانەوە وەك ساڵانی زوو، بە سەركوتكردنی ناڕازییان و كوشتن و پەلاماردانی خۆپیشاندەران وەڵامی خواستەكانی خەڵكی بێبەشكراو و سەركوتكراوی دایەوە.بۆیە بریارەكەی گەلی كورد لەم قۆناغەدا بوو بەو بریارەی كە دەبێ پێكەوە بە هەموو تواناكانمانەوە دوژمن لە خاكی كوردستان وەدەرنێین.
ئاشكرایە دەبێ كۆمەڵە سەرنجێكمان لەسەر خۆپیشاندانی سەرتاسەری هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین ئامانجەكانمان بپێكین و زووتر بە مەبەستەكانمان بگەین.
سەرنج و تێبینییەكانی ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر راپەڕینی شكۆداری رۆژهەڵاتی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
1-       پێش لەوەی بچینە سەر شەقامەكان، دەبێ بزانین ئامانجمان راونانی داگیركار و راماڵینیانە لە خاكەكەمان. بۆیە پێویستە بەردەوام بین و بە جارێک ناڕەزایەتی دەربڕین واز نەهێنین. 
دەبێ هەموومان دروشمەكانمان یەك بخەین:
داگیركەر بۆ دەرەوە!... هێزی گەل بۆ پێشەوە.
رزگاریی ئێجگاری.... لەداوی داگیركاری
سەربەخۆیی دواچارە.... ئەمە دوایین بریارە
"راپەڕینمان شكۆدارە     روخاوە تەمی سێدارە"
2-       پێویستە لەم قۆناغەدا "ئەنجومەنی راپەڕینی شارەكان" لە ناو تاكە رۆشنبیر و بوێر و ئازاكانی خۆیاندا دەستنیشان بكرێن و ئەنجومەنی جێگەی باوەڕی كۆماری ئیسلامی فڕێ بدەن و ئەگەریش كەس یان كەسانێك لە ئەنجومەنی كۆندا هەن كە گەلین و لە قازانجی خەڵكدا كار دەكەن رایانكێشن بۆ ریزی ئەنجومەنە نوێیەكە و لە ئەزمونەكانیان كەڵك وەربگرن.
3-       وشەی "جاش" و "بەكرێگیراو" و .... لە سەر ئەو رۆڵە كوردانە بسڕنەوە كە بە ناچاری لە ریزەكانی كۆماری ئیسلامیدان و دەتوانن لەم قۆناغەدا خزمەتێكی گەورە بە راپەڕینی شكۆداری گەلی كورد بكەن.
4-       داوا لە رۆڵەكانی كورد بكەین كە پاڵیان داوە بە ریزی دوژمنەوە، خەڵكی نەتەوەكەی خۆیان نەكوژن و بێنە ریزەكانی گەلەوە و شانازییەكی گەورە بۆ خۆیان تۆمار بكەن و خۆیان لە هەموو تاوانێك دابماڵن كە دوژمن دەیهەوێ‌ بەدەستی ئەوان بەسەر گەلی كورددا بیهێنێ‌.
5-       پێویستە ئاشتی نیشتیمانی رابگەیەنین. ئێمە نابێ هیچ كێشەیەكی حیزبی و سیاسیی كۆن و نوێ‌ و كێشەكانی هۆزایەتی و ئایینی و بنەماڵەیی و زار و ناوچەكان بكەین بە بەربەستی خەباتەكەمان.
6-       ئیجازە بە هیچ لایەنێك نەدرێت بۆ مەرامی سیاسیی خۆی راپەڕینی گشتی بەرتەسك بكاتەوە. واتە لەم قۆناغەدا پێویستە تەنیا هەوڵی راماڵینی هێزە داگیركارەكان بدرێت و خاكی پیرۆزی كوردستان بدرێتەوە بە خاوەنە رەسەكانی خۆی كە كوردن.
7-       ئیجازە بە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە شۆڤینییە ئێرانییەكان نەدرێت بەناوی راگرتنی تەواوەتیی خاكی ئێرانەوە زەربە لە یەكریزی و یەكدەنگیی خۆپیشاندەران و خەباتكارانی راپەڕیو بدەن.
8-       سەرباز و هێزی سەربازیی كوردی كە ئێستا لە ریزەكانی سوپا و ئەرتەش و هێزە ئەمنییەكانی ئێراندان ئەركی نەتەوەیی خۆیانە داوا لە هاوسەنگەرەكانی نەتەوەكانی دیكەیان بكەن كە سەركوتی جوڵانەوەی كورد نەكەن كە دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئازادبوونی ناوچەكانی ئەوانیش لە بندەستیی كۆماری قیزەونی سێدارە.
9-       سەرباز و كەسانی كوردی سەربە رژیم دەتوانن هاوكاریی خەڵك بكەن و بە چەكەكانیانەوە بێنە ریزی خۆپیشاندەرانەوە و بەرگری لە كەرامەتی خەڵكی ئازادیخواز و راپەڕیوی خۆیان بكەن و تەنانەت داوا لە سەرباز و هاوسەنگەرە ئازادیخوازەكانی نەتەوەكانی دیكەش بكەن كە یارمەتیدەری گەل بن، نەك سەركوتكاری ئازادی و گەلی راپەڕیوی كورد. هەر وەها داواکارین سەربازی کورد لە ناوچەکانی دیکەی ئێران چەکی خۆیان روو لە خۆپیشاندەران نەکەن و ئەگەر بۆیان کرا یارمەتیدەریان بن لە راماڵینی هێزەکانی دوژمن لە خاکەکەیان.
10- داوا لە خەڵكی سەرمایەدار و دەسترۆیشتووی كورد بكرێت لە سەرمایەكانیان بۆ قازانجی كورد و دابینكردنی بژێوی بنەماڵە هەژارەكان و خەڵكی ناو شەقامەكان كە راپەڕیون و ئەوانەی وا برینداری شەڕن، بەكار بێنن. 
ئەنجومەنی تازەی شۆڕشی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەتوانێ‌ پاش سەركەوتنی راپەڕین قەرەبووی ئەم خزمەتەیان بۆ بكاتەوە.
11- داوا لە خەڵكی پارچەكانی دیكەی كوردستان، بە تایبەتی دەسەڵات و گەلی شۆڕشگێڕی باشوور دەكەین كە خزمەتەكانیان بۆ گەلی راپەڕیوی رۆژهەڵات دووپات بكەنەوە و ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت وەك كۆبانی بەهانای برایانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بێن.
13- داوا لە دەسەڵاتی باشووری كوردستان دەكەین بە بێ‌ لەبەرچاوگرتنی رێكەوتنەكانیان لەگەڵ ئێران، پشتی شۆڕشی گەل لە رۆژهەڵاتی كوردستان بگرن و هاندەریان بن بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتەكەیان تا بەئاكام گەیشتنی ئێجگاری. چونكا دراوسێی داهاتووی هەرێمی كوردستان, ئەگەر كورد بێت باشترە لەوەی هێزی دوژمن و وڵاتی دوژمنی كەرامەتشكێنی وەك كۆماری ئیسلامی بێت.
14- داوا لە سیاسەتوان و میدیا و خەڵكی هاوبەرژەوەندی باشووری كوردستان دەکەین، كە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا لەوانەیە سات و سەودای خۆیان هەبێت، دژایەتی گەلی كورد و خەباتەكەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەكەن و ئیجازە بە كۆمەڵە کەسانێکی نابەرپرسیاری ناسیاسی و ناكورد و نامرۆڤ نەدەن، ریزەكانی كورد و یەكێتیی نێوان باشور و رۆژهەڵات بۆ بەرژەوەندیی خۆیان تێك بدەن.
15- داواكارین كە بۆ بەرگریكردنی باشتر هێزەكانی كورد لەم قۆناغەدا یەكگرتوانەتر لە جاران هەنگاو بنێن.


"ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان" هیواخوازە، هێزی لەبڕان نەهاتووی گەل بتوانێ‌ بە یەكگرتوویی خۆی وەڵامێكی تەواو بە داواكانی دوژمنی ئامانجەكانی گەل بداتەوە و كۆماری سەركوتكەری ئیسلامی لە خاكەكەی راماڵێ‌.
شكۆدار بێت راپەڕینی ئەمجارەی گەلی راپەڕیوی رۆژهەڵات
بۆ پێشەوە بەرەو وەدیهێنانی ئامانجی كورد:دامەزراندنی كۆماری دێمۆكراتیكی رۆژهەڵاتی كوردستان
                          "راپەڕینمان شكۆدارە     روخاوە تەمی سێدارە"

ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان
12/5/2015


۱۳۹۴ اردیبهشت ۱۶, چهارشنبه

پەیامی پیرۆزبایی "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەلاتی كوردستان"



پەیامی پیرۆزبایی "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەلاتی كوردستان" بە بۆنەی یەكگرتنی دوو پارتی رزگاریخوازی رۆژهەلاتی كوردستان 


هەڤاڵانی بەڕیزمان لە دوو پارتی برا: "پارتی سەربەستی رۆژهەڵاتی كوردستان" و "پارتی سەربەخۆیی كوردستان"  هەواڵی یەكگرتنتان گەلێك خۆشحاڵی كردین.
لە راستیدا رەوتی رزگاریخوازانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هێندێك هۆكاری تایبەتەوە ماوەیەك بوو، كەوتبووە ژێر پرسیارەوە و ئەمەش مەترسیی ئەوەی دروستكردبوو، رەوتەكانی دیكەی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان نەتوانن بۆشایی نەبوونی گوتار و رێكخراوی بەهێزی رزگاریخوازانە و نەتەوەییانەی دەوڵەتخواز پڕ بكەنەوە.
"پارتی سەربەخۆیی كوردستان" كە لەمەبەدوا دەبێتە مەڵبەند و شوێنی داڕشتنی سیاسەتی رزگاریخوازانەو نەتەوەیی، ئەگەر بە بەرپرسیارێتی یەكی زۆرتر لە جارانیەوە هەڵسوكەوت بكات، دەتوانێ‌ مەیدان و بەستینێكی تازەی خەبات لە دژی داگیركارانی كوردستان (بە تایبەتی داگیركاری پانفارسی كۆماری ئیسلامی ئێران) پێک بێنێ و دۆسیەی نەتەوەیی وڵاتەكەمان لە قەیرانی ئێستای خۆی دەربهێنێ‌.
بە ناوی هەواڵانی نەتەوەییتان لە "ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان" پیرۆزبایی یەكبوونی تازەتان لێدەكەین. هیوادارین بتوانن شانبەشانی یەكتر و بە بێ جیاوازیدانان لە ناو هەواڵانی تازە و كۆندا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتییە نەتەوەییەكانتان و بەدوور لە ئەزموونی ناخۆشی یەكگرتنی هێندێك لایەن كە لەكۆتاییدا پرشوبلاوی و ناكۆكیی لە ریزەكانی رۆژهەڵاتدا پتر كرد، بتوانن بەستێنێكی ئارام و پڕ لە هیوایەت و پلانی تازە بۆ بەرەنگاری دژی داگیركارانی وڵاتەكەمان پێشكەش بكەن و ببنە مایەی هیوا بۆ ئازادیخوازان و خەڵكی هەژار و چەوساوەی رۆژهەڵاتی كوردستان.

بژی سەربەستی و گوتاری سەربەخۆییخوازی
ئەم یەكگرتنەتان لە سەرجەم رزگاریخوازانی نەتەوەی كورد پیرۆز بێت.

ئەرتەشی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان
5/5/ 2015